سودانی پێشوازی لە ژمارەیەک وەبەرهێن و بازرگانى خاوەن پڕۆژەی مامناوەند دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە پێشوازی کرد لە ژمارەیەک وەبەرهێنەر و بازرگانى خاوەن پڕۆژەی مامناوەند، لە کۆبوونەوەکەدا گرنگترین ئەو پڕۆژانە خرانەڕوو کە جێبەجێ دەکرێن لەگەڵ ئەو بەربەست و کێشانەی کە ڕووبەڕووی خاوەنکارەکان دەبنەوە و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیانامەیەکدا بڵاویکردەوە:- لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، سودانی ئاماژەی بە ئاڕاستەی حکومەت کرد بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و پشتگیریکردنی کۆمپانیا بچووکەکان و ئاماژەی بەو ڕێوشوێنە چالاکانە کرد کە بۆ یەکەم جار گیراوەتەبەر، لەوانە مسۆگەرکردنی سەروەری کە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەشی ئەو پرۆژانە کراوە و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هەنگاوانە لە دیدگای حکومەتەوە سەرچاوە دەگرن بۆ کاری دەوڵەت، بە مەرجێک تەنها لە ڕێگەی دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی گشتییەوە بەڕێوە نەبرێت، بە پشتبەستن بە بودجە و نرخی نەوت و هەلی کاری حکومەتەوە و دەبێت تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی هەبێت لە کەرتی تایبەت و ئەزموون کردنی پرۆژە بچووکەکان و پەرەپێدانیان.
سودانی ئاماژەی بە ئەو ئاستەنگانە کرد کە ڕووبەڕووی چاکسازی ئابووری و دارایی دەبنەوە لە چەند دۆسیەیەکدا و جێبەجێکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبێتەوە، هەروەها هەوڵ هەیە بۆ خۆلادان لە چاکسازی باج و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و ڕێوشوێنەکانی گومرگ و هەموویان چارەسەر دەکرێن و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ چاکسازی کەرتی بانکی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران باسی لە گرێبەستەکانی پڕۆژەی نوێی شارەکانی نیشتەجێبوون کرد و ڕوونیکردەوە کە ئامانجیان چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون و چالاککردنی پیشەسازییە لە هەمان کاتدا، چونکە کەرتی بیناسازی خزمەت بەو ڕەوتە دەکات، ئەمەش توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لەو پیشەسازییانەدا زیاد دەکات.
