سوننەکان پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلای دەکەنەوە و ناوەکانیشیان ئاشکرا دەکەن
سوننەکان لە كۆبوونەوەی داهاتوویاندا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان موسەننا سامەرائی و محەمەد حەلبووسی یەكلا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ئۆراس مەشهەدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بەمیدیای پارتی وت "لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی كە بڕیارە لەنێوان 25 بۆ 27 ئەم مانگە لە بارەگای سابت عەباسی بكرێت، كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش دەكرێن".
بەگوێرەی وتەی ئۆراس بێت، هەریەك لە موسەننا سامەرائی و محەمەد حەلبووسیی دەبن، بەجۆرێک كێبڕكێیەكە توندە، هەوڵ دەدرێت پرسەكە لەناو ئەنجومەن یەكلا بكرێتەوە، ئەگەرنا لەناو پەرلەمان یەكلا دەكرێتەوە.
میدیای پارتی ئاشکراشیکردووە "لە تەوەری دووەم گفتوگۆ لەبارەی شەش وەزارەتەكە بەركەوتەی سوننە دەكرێت، ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ عەزەمە لەگەڵ وەزارتێك، سێ وەزارەتیش بۆ حزبی تەقدومە، هاوپەیمانیی سیادە وەزارەتێك، سابت عەباسی و ئەبو مازن وەزارتێكیان بەردەكەوێت، پاشان باس لە دەستەكان و بەركەوتەكانی دیكەی سوننە دەكرێت و یەكلا دەكرێتەوە".
هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، سالم عیساویی و چەند كاندیدێكی دیكە هەن، ئەگەری هەیە وەك كاندیدی هاوبەشی ئەنجومەنەكە پێشكەش بكرێن.
