سوودانی: پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژییە
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانی ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی و دامەزراوییە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانی لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی "El Mundo Deportivo"ـی ئیسپانی ڕایگەیاندووە: "ئێمە لەبەردەم قۆناغێکی باشداین، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسپانیا لە سەرجەم بوارەکاندا".
سودانی ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئیسپانیا بەشێکە لەو ھاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی کە یارمەتی عێراقی داوە بۆ لەناوبردنی داعش و لەسەر داوای ئێمە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە ماوەی دوو ساڵدا لە عێراق کۆتایی پێدێت".
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە کە ئێستا توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، گەیشتووەتە ئاستێکی پێشکەوتوو، ھەروەھا ئێستا دۆخی عێراق سەقامگیرە و لەبەر ئەوە ھیچ پاساوێک بۆ بوونی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراقدا نییە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکادا کردووە و گوتوویەتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لەچوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژییە و پەیوەندییمان لەگەڵ تیمی دوناڵد ترەمپ-دا ھەیە و ئەوان دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێمە بدەن".
ئەم چاوپێکەوتنە لەکاتێکدا، ماوەی دوو ڕۆژە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانی لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق لەنێوانیاندا وەزیرانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق سەردانی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کردووە و لەمیانەی سەردانەکەدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا کۆبوونەوە و چەندین گرێبەستی هاوبەشیان واژووکرد.
