سوپای ئۆکراینا کەشتییەکی جەنگی رووسيا لە دوورگەی کریمیا لە دەريای رەش تێکشکاند
سوپای ئۆکراینا رايگەياند، هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا لەگەڵ یەکەکانی هەواڵگریی سەربازی، کەشتییەکی جەنگی رووسيان لە کەناراوەکانی نیمچە دوورگەی کریمیا لە دەريای رەش تێکشکاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، (14ـى شوباتی 2024)، لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئۆکراینا بڵاویکردووەتەوە، دووکەڵێکی زۆر و بڵێسەی ئاگر لە شوێنێکەوە کە پێدەچێت شوێنی کەشتییەکەبێت، بەرز دەبێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەشتییەکەی رووسيا کە ناوى (سیزەر کونیکۆڤ)ـە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە کەناراوەکانی کریمیا لە نزیک شاری ئالوپکا هێرشیکراوەتەسەر.
هەواڵەکەی سوپای ئۆکراینا لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا هیچ روونکردنەوەيەکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام پشتڕاستیکردەوە کە شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینا لە ئاوەکانی دەریای رەش خستووەتەخوارەوە.
کریمیا کە لەساڵی 2014 لەلایەن مۆسکۆوە کۆنترۆڵکراوە، لە هاوینی رابردووەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئۆکرایناوە دەکرێتە ئامانج.
