سۆران عومەر داواکاریەک ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەکات
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواکاریەکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێم کرد رایگەیاند، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مانگانە لە سەرو 320 ملیار دینارە و بە تەنکەر نەوت دەفرۆشرێت و بەپێی یاسای بودجە دەبێت ئەو داهاتانە رادەست بکرێت، جگەلەوەش بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی رەتدەکەنەوە و شوێنگرەوەیان بۆ دابینکردنی موچەی خەلک نییە و دەیانەوێت بەو دۆخەوە بچنە هەڵبژاردن و داوای دەنگی خەڵک بکەن.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی، ئەو لیستانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردوە سەرجەمی موچەکەیان تەمویل کراوە، تەنها ئەو لیستانەتان ناردوە، پاشان موچە بەڕادەست کردنی داهاتی ناوخۆوە دەدرێت، حکومەتی هەرێم موچەی مانگەکانی (تشرینی یەکەم/10) و (تشرینی دوەم/11) و (کانونی یەکەم/12) ساڵی رابردوی نەداوە، ئەی کوا داهاتی ناوخۆ کە مانگانە سەرو 320 ملیار دینارە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە رۆژی 17ی مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ساڵی رابردو کاتێک حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد، لیستێکتان هێنابو کۆی گشتی موچەی هەرێم 913 ملیارو 623 ملیۆن دینار بو، ئێستا بەبێ دامەزراندنی وانەبێژو خۆبەخش و سێ یەکەمەکان و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوە، چۆن موچە گەشتوە بە 949 ملیار و 813 ملیۆن دینار.
سۆران عومەر ئەوەشی خستوەتەڕو، سەیرە وەزارەتی دارایی باس لەداهاتی نەوتی و نانەوتی ناکات، کە بەپێی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەبێ ئەو داهاتانە ڕادەست بکرێت، بەتەنکەر نەوت دەفرۆشن کوا داهاتەکەی.
باسی لەوەشکردوە، مانگانە حکومەتی هەرێم هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە وەردەگرێت، پاشان بەوشەیەکیش باسی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناکەن، باس لە مافی یاسایی و دەستوری موچەخۆرانی هەرێم دەکەن مەگەر پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران مافی یاسایی و دەستوری نیە، مەگەر هاوتا کردنی موچەی خانەنشینان وەک خانەنشیننی عێراق مافی یاسایی و دەستوری نیە.
سۆران عومەر رونیدەکاتەوە، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێم بڕیاری دادگای فیدراڵی رەتدەکاتەوە بۆ جێگیرکردنی موچە لەبانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە، ئەی شوێنگرەوەیان چییە بۆ برسیکردنی خەڵک و نەهاتنی موچە، چۆن دەتوانن بەم دۆخەوە بچنە هەڵبژاردن و داوای دەنگ لەخەلک بکەن
