سێ شەڕڤانی هەسەدە لەئەنجامی پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی سەر بە تورکیا گیانیان لەدەستدا
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە، لەئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا سێ شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
شایەنی باسکردنە، ماوەی چەند ڕۆژێکە چەکدارانی تەحریر شامی سەر بە تورکیا و گرووپی چەکدار جۆلان هێرشیان بۆ سەر سوپای سووریا و شاری حەلەب دەستپێكردووە، ئێستا ئەو شارەیان داگیركردووە و لە دوایین پێشهاتەکان ئەو چەکدارانە چوونەتە پارێزگای حەما.
زانیاری زیاتر...
هێزەکانی سەربە هەسەدە لەدوای کشانەوەی سوپای سووریا و فیرقەی چوارەم لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب لە باکووری سووریا و خاڵەکانی پشکنینی نێوان شەهبا و حەلەب و خاڵەکانی پشکنینی گەڕەکی ئەشرەفیەی گرتە دەست، لەئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو ناوچانە بڵاوەیان پێکراوە دوای کشانەوەی سوپای سووریا.
هێزەکانی سووریای دیموکرات دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمی سووریا بەرەو مەسکەنا لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب بەرەو شارۆچکەکانی تەل حلفر و تەل عەرن و تەل حاسیل و گوندەکانی دیکەی شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب پێشڕەوییان کرد و ئەو ناوچانەیان گرتە دەست.
لەلایەکی ترەوە، هێزەکانی تورکیا فەرمانیان بە سەرکردایەتی گرووپە چەکدارەکانیان داوە لە سووریا کە هێزی سەربازی و پاڵپشتی لۆجستی بنێرن کە بریتین لە چەکی قورس و زرێپۆش و ئۆتۆمبێل و رەشاشی قورس و سەدان سەرباز بۆ حەلەب، لایەنەکانی سەربە تورکیا تانکی سەربازییان لە ناوچەی کەلەسەوە بەرەو خاڵەکانی تەل رەفعت گواستەوە، دواجار ئەمڕۆ یەکشەممە تەواوی شاری حەلەب-یان کۆنترۆڵکرد لەدەست سوپای سووریا، جگە لەو گەڕەک و ناوچەنەی کە هەسەدە تێیدا بڵاوەی پێکراوە، کە بریتین لە گەڕەکەکانی باکووری شاری حەلەب، هەروەها ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب
وێنە گەورەکە ئەوەیە: ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا هێرشی کردەسەر شارەکانی حەلەب و ئیدلب لەباکووری سووریا و دەستیان بەسەر تەواوی شاری حەلەب دا گرا، پاش ئەوەی دەستیان بەسەر تەواوی گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری حەلەبدا لە باکووری سووریا گرت و هەروەها دەستیان بەسەر شاری سەراقب دا گرت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لەدوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیان، دواجار دوێنێ شەممە زۆرینەی شاری حەلەبی کۆنترۆڵکرد.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، "لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا حەلەب لە ڕووی سەربازی و ئەمنی پارێزراو دەبێت و دواتر پارێزگاکە بەتەواوی لەدەست ڕژێمی سووریا و بەشار ئەسەد ئازاد دەکرێت".
لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، فەرهاد شامی دوێنێ ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا لەگەڵ کەناڵی ڕووناهی گوتوویەتی: بەچڕی چاودێری دۆخی حەلەب دەکەین، ئەم هێرشانە و توندوتیژیەی حەلەب لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
فەرهاد شامی لەبارەی هەڵوێستی هەسەدە لەو توندوتیژیانە وتی: ئەرکی ئێمە پاراستنی گەل و خاکەکەمانە و لەکاتی پێویستدا هەڵوێستمان دەبێت و وەڵام دەدەینەوە.
لەسەر ئەم ڕووداوانە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پاراستنی سەقامگیری لە ئیدلب و ناوچە سنوورەکانمان، وەک ئەولەویەتێک بۆ تورکیا دەمێنێتەوە.
دواجار دوێنێ شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، روانگەی سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا (ئەحرار ئەلشام - جولانی) کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت زیاتر لەنیوەى حەلەبى گرتووە و سوپای سووریا لە تەواوی شارەکە کشاوەتەوە.
