سێ یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە بوارەكانی كارەبا و بازرگانی لە نێوان بەغدا و واشنتن ئەنجامدرا
بە چاودێری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران عێراق ئەمڕۆ مەراسیمی واژۆكردنی سێ یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە بوارەكانی كارەبا و بازرگانی لە نێوان بەغدا و واشنتن ئەنجامدرا، كە پڕۆژەی وێستگەی كارەبای غازی لەخۆدەگرێت كە توانای نزیكەی 24 هەزار مێگاوات كارەبای هەیە، لەگەڵ دامەزراندنی پڕۆژەیەكی یەكگرتوی وزەی خۆر بە توانای سێ هەزار مێگاوات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی چاودێری مەراسیمی واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی كرد، لە چوارچێوەی بنەماكانی هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای (GE VERNOVA) كە پڕۆژەی وێستگەی كارەبای غازی لەخۆدەگرێت كە توانای بەرهەمهێنانی نزیكەی 24 هەزار مێگاوات كارەبایان هەیە، لەگەڵ ئەگەری دەستەبەركردنی دارایی دەرەكی لە لایەن بانكە نێودەوڵەتییەكانەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە دۆسیەی كارەبادا، سودانی چاودێری مەراسیمی واژۆكردنی یاداشتی دوەمی كرد كە بنەماكانی هاوكاری نێوان وەزارەتی كارەبا و گروپی (UGTRenewable)ـی لەخۆگرتبو بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەكی یەكگرتوی وزەی خۆر بە توانای سێ هەزار مێگاوات، لەگەڵ سیستەمی هەڵگرتنی وزەی پاتری تا 500 مێگاوات، مۆدێرنكردنی هێڵەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا، دامەزراندنی تا هەزار كیلۆمەتر ژێرخانی نوێ بۆ گواستنەوەی كارەبای ڕاستەوخۆ بە ڤۆڵتیەی بەرز.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەرۆك وەزیران چاودێری مەراسیمی واژۆكردنی سێیەمین یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان یەكێتی ژورە بازرگانییەكانی عێراق و ژوری بازرگانی ئەمریكای كرد، ئەوەش لە چوارچێوەی بەهێزكردن و بەرزكردنەوەی هاوكارییە ئابورییە دو قۆڵییەكان.
