سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە شاندێکی ئەمریکا وهەرێم کۆبوونەوە
شاندێکی سەربازیی و دیپلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی هەرێمی کوردستان كۆبوەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ڕێکار و میکانیزمەکانیان گفتوگۆیان لەبارەوەكردا، هەروەها جەخت لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردولا بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە کرایەوە.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، کۆبونەوەیەکی فراوان لە نێوان هەرێمی کوردستان و شاندێکی هاوبەشی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکی، سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەچو.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبونەوەکەدا لایەنی هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک بەرپرس و پەیوەندیداران لە سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە پێکهاتبو، لەگەڵ شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان، تاوتوێ کرد.
لە تەوەری چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، وێڕای خستنەڕوی دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە، گرنگیی پرۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دوپات کرانەوە. سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتو، جەخت لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردولا بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، کرایەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، دۆخی گشتی ناوچەکە و پێشهات و ڕوداوەکانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبونەوەکە بو.
