سەد کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکران
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەنها لە مانگی یەکی ئەمساڵدا 116 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش پەنجا کەسیان فرۆشیارن.
سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا 116 کەیسی ماددەی هۆشبەرمان هەبووە، لەنێویاندا 50 کەسیان فرۆشیار و 64 کەسیش بەکارهێنەرن.
وتیشی: "لە مانگی دووشدا بازرگانی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەرمان هەبووە و دەستگیرمان کردووە، بازرگانەکان ئەوانەن لە سەرووی کیلۆ گرامەوە داخڵی هەرێمی دەکەن و لە ڕێگەی کەسانی ترەوە دەست دەکەن بە دابەشکردنی".
دەزگا ئەمنیەکانی هەرێم بەردەوام، دەست بەسەردا گرتنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنن، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن هەرێم بووەتە ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی ئێران و ئەفغانستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەشێکی زۆر لە بازرگانەکانیش لە نەتەوەی کوردن، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری زیاتر بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ناوخۆی هەرێمیش دەدەن.
عەمید سەلام وتی: "بەشێکی زۆر لە بازرگانەکان کوردن، بە تایبەت ئەوەی ناو شارەکان هەموویان کوردن و هەرێمیش وەک ترانزێت بەکار دەهێنرێت بۆ هەناردەی ماددەی هۆشبەر".
بە پێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023دا، 991 حاڵەتی دەستگیرکردن وەک بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر هەبووەو 398 کیلۆ ماددە جۆراو جۆرەکانیش دەستی بەسەرداگیراوە.
