سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین:داوا لە حکومەت دەکەین پلانێکی گشتگیر بۆ تێکڕای کەرتەکان لەو دەڤەرە دابنێت
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ پردی ڕانیە - بنگرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین کرایەوە.
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە وتارێکیدا بەبۆنەی کردنەوەی پردی ڕانیە - بنگرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند، هەموومان ئەو ڕاستیە دەزانین کە ئەم پڕۆژەیە و هەموو پرۆژەکانی دیکە گرنگ و پڕ بایەخن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەدەنگەوەهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاوەدانی و پێشخستنی وڵات و پتەوکردنی پایەکانی ژێرخانی ئابووریی وڵات. هەروەها خەڵکی دەڤەرەکە هیوا و داخوازییەکانیان لە حکوومەت زیاترە.
ئاماژەی بەوەش کرد، داوا لە حکوومەت دەکەین پلانێکی گشتگیر بۆ تێکڕای کەرتەکان لەو دەڤەرە دابنێت، لەبوارەکانی ڕێگەوبان، پەروەردە و فێرکردن، تەندروستی، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و گەشت و گوزار و ژینگە پارێزی، بە تەرخانکردنی بودجەی پێویست کە لە کارنامەی ئەنجوومەنی وەزیران جێگیر بکەن.
وتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی ناوچەی ڕاپەڕین هانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بدەن بۆ وەبەرهێنان وسەرمایە گوزاری لەو کەرتانەدا، ئەمەش هەلی کار و ئاوەدانکردنەوە لە سنوورەکە فراوانتر دەکات.
