سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەران: حەلبووسی پارێزگاری دەوڵەت و یاسای لەدەستداوە و دادگایی دەکرێت
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: حەلبووسی پارێزگاری دەوڵەت و یاسای لەدەستداوە و دادگایی دەکرێت.
سەرچاوەیەکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە دوای لابردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران مەحەممەد حەلبووسی لە پۆستەکەی و کۆتایی هێنان بە ئەندامێتییەکەی دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری و بێلایەنییەوە دادگایی دەکرێت بە تۆمەتی جۆراوجۆر.
ئەو سەرچاوەیەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی "موتەڵع"ـی ڕاگەیاند: "کۆمسیۆنی بێلایەنی بەدوای حەلبووسیدا دەکەوێت لە حاڵەتی زیادکردنی پارە و موڵکە ڕاستەقینەکەی کە بە ناوی هەردوو خێزانەکەی هیبە مەحەممەد و نەوار عاسم تۆمارکراوە و دۆسیەکە بە تەواوی چالاک دەکرێت، چونکە چیتر لەلایەن دەوڵەت پارێزگاریی لێ ناکرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "حەلبووسی ڕووبەڕووی تۆمەتی (درۆکردن) دەبێتەوە دوای ئەنجامدانی پێشێلکارییەکی ساختەکاری، ئەمەش لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پشتڕاستکراوەتەوە لە بڕیارەکەیدا، بۆیە ڕووبەڕووی سزایەکی دیکە دەبێتەوە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە".
هەروەها دووپاتکردەو، "چەندین دۆسیە لە دژی حەلبووسی هەڵگیراوە و بەهۆی کاریگەرییە سیاسییەکانی لە وڵاتەکەدا و بوونی بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو دۆسیانە بەمزووانە دەکرێنەوە، لەوانە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کە کەسایەتییە ئیسرائیلییەکانی تێدایە بۆ بەرزکردنەوەی خۆی و حیزبەکەی لە بازنە سیاسییەکانی ئەمەریکادا".
رۆژی سێشەممە، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەحەممەد حەلبووسی دا بە تۆمەتی ساختەکاری لە کەیسی دەستلەکار کێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلەیمی.
