سەرۆك رەشید: عێراق پابەنده بە پێشخستنی كەرتی وزەی نیشتمانی
ئەمڕۆ شەممە عەبدولەتیف جەمال ڕەشید سەرۆك كۆمار جەختیکردەوە عێراق پابەندە بە پێشخستنی كەرتی وزەی نیشتمانی و بەهێزكردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەكان بۆ پەرەپێدانی ئەم كەرتە گرنگە دووپاتكردەوە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: سەرۆك عەبدولەتیف جەمال ڕەشید لە كۆشكی ئاشتی لە بەغدا پێشوازی لە شاندێكی بەشداربووانی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزەی بەغدا كرد، كە بریتی بوون لە هەیسەم فەیسەڵ ڕەشید، سكرتێری گشتی ئۆپێك، وەزیری نەوت و غازی لیبیا خەلیفە ڕەجەب محەمەد عەبد سادق، یاریدەدەری یەكەمی وزەی لیبیا و وەزارەتی بەرهەمهێنان - وەزارەتی نەوتی میسر ئیهاب ڕەجایی، و ئەحمەد بارات تشۆنكار، یاریدەدەری وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت حەیان عەبدولغەنی.
ئاماژەی بەوەشكرد : لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆك كۆمار بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و ئاماژەی بە پابەندبوونی عێراق كرد بۆ پێشخستنی كەرتی وزەی نیشتمانی و هەوڵەكانی بۆ بەهێزكردنی هاوبەشی بنیاتنەر لەگەڵ دەوروبەری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بە شێوەیەك كە خزمەت بە خواستەكانی گەلان بكات بۆ پێشكەوتن و سەقامگیری.
بەگوێرەی بەیاننامەكە سەرۆك كۆمار ڕوونیكردەوە : كە عێراق بە پشتبەستن بە پێگەی ستراتیژی و سامانە هەمەچەشنەكەی، توانای وەبەرهێنانی هەیە لە سامانە سروشتییە بەردەستەكان و پەسەندكردنی ڕێگەچارەی بەردەوام، ئەمە جگە لە ڕۆڵی وەك هاوبەشێكی سەرەكی لە گواستنەوە بۆ ئابوورییەكی سەوز و هەنگاونان بەرەو بەكارهێنانی وزەی نوێبووەوە.
جەختیشی لەوە كردەوە : كە بەستنی ئەو كۆڕبەندە هەنگاوێكی ئومێدبەخشە بۆ تیشك خستنە سەر ڕۆڵی پێشەنگانەی عێراق لە كەرتی وزەدا، ئاماژەی بەوەشكرد، سەركەوتن لەم بوارەدا بەشدار دەبێت لە داڕشتنی دیدگای نوێ بۆ سیاسەتی وزە و فراوانكردنی ئاسۆی هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە وەبەرهێنان لە بازاڕی عێراقدا دەكەن، هیوای سەركەوتنی بۆ كۆڕبەندی بەغدا و بەشداربووان خواست لە گەیشتن بەو بڕیارانەی كە خزمەت بە گەشەپێدانی كەرتی وزە و گەیشتن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و بەدیهێنانی خواستەكانی خەڵك بكات. لای خۆشیانەوە ئەندامانی شاندەكە، بەگوێرەی بەیاننامەكە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆك كۆمار و پێزانینی خۆیان بۆ تێڕوانینە بەنرخەكانی دەربڕیوە، ویستی جددی خۆیان بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندییە ئەرێنییەكان لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی هەموو سێكتەرەكان بگرێتەوە ڕوونكردووەتەوە.
