سەرۆك کۆمار: خزمەتکردنی هاووڵاتیان ئەرکێکی نیشتمانییە و بەرجەستەکردنی زیندووی پەیوەندی و پابەندبوونی پیشەییە لەنێوان لێپرسراو و خەڵکدا
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازی لە ژمارەیەك پارێزگاری نوێ کرد و جەختی لەسەر خزمەتکردنی هاووڵاتیان کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لەمیانی دیدارێکدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-2-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، مەرسومی کۆماری تایبەت بە دامەزراندن رادەستی پارێزگارەکانی بەغداد، نەینەوا، ئەنبار، دیوانیە، زیقار، کەربەلا، موسەننا، میسان، نەجەف و واست کرا.
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆك کۆمار پیرۆزبایی لە پارێزگارەکان کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکانیان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و جەختی لەوە کردەوە، کە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی بارگرانییەکانیان، ئەرکێکی نیشتمانییە و بەرجەستەکردنی زیندووی پەیوەندی بەهێز و پابەندبوونی پیشەییە لەنێوان بەرپرس و هاووڵاتیاندا.
هەروەها سەرۆك کۆمار بایەخی بەرەوپێشبردنی دۆخی پارێزگاکانی لەلایەن پارێزگارەکانەوە دوپاتکردەوە لەپێناو بەدیهێنانی خواستی رۆڵەکانی نیشتمان و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانیان و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هەستی نیشتمانی و چەسپاندنی بەهاکانی هاووڵاتیبون، سەرەڕای بەدەنگەوەچونی دانیشتوان و گرنگیدان بە خواستەکانیان و پەرۆشیی بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆیان.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەشدا، کە حکومەتە خۆجێیەکان ئەڵقەی پەیوەندین بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و بەرزکردنەوەیان بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆئەوەی بخرێنە چوارچێوەی پڕۆژە و بڕیارەکانەوە. هاوکات رایگەیاند، پێویستە هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ پشتیوانیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی بەتایبەتی لەبواری چەسپاندنی سەقامگیریی ئاسایش، نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و باشترکردنی ئاستی بژێوی عێراقییەکان.
هەروەها سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، دەرگای سەرۆکایەتی کۆمار بەڕووی پارێزگارەکاندا کراوەیە و پشتیوانی لە هەوڵەکانیان دەکات بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکانیان، سەرەڕای پێکەوە کارکردن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی روبەڕویان دەبنەوە ئەویش لەڕێی رێکخستنی کۆبونەوەی وەرزی بەمەبەستی تاووتوێکردنی ئەو پلانانەی ئامادەکراون بۆ باشترکردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێن. هەروەك خواستی خۆی نیشاندا بۆ سەردانیکردنی پارێزگاکان لەپێناو ئاگاداربون لە خواست و پێداویستییەکانیان.
لەبەرامبەردا پارێزگارەکان پێزانین و ستایشی خۆیان بۆ رێنماییەکانی سەرۆك کۆمار دەربڕی، جەختیشیانکردەوە لەسەر پەرۆشییان بۆ کارکردن لەپێناو باشترکردنی دۆخی پارێزگاکانیان و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم خزمەتگوزارییەکان و وزە و گۆڕانی ژینگەیی و کەشوهەوا، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی گەشەسەندنی گشتگیرانە و کردنەوەی ئاسۆ بۆ چالاکیی ئابوری و وەبەرهێنان لە وڵاتدا.
