سەرۆك کۆمار و سەرۆکی سوریا پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان دەکەن
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ چوارشەممە 10-4-2024 بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی رەمەزانەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریاوە پێگەیشت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پیرۆزبایی و جەژنە پیرۆزە لەنێوان هەردوو سەرۆکدا ئاڵوگۆڕ کرا و سەرۆك کۆمار و سەرۆکی سوریا هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتریان بۆ هەردوو گەلی برا دەربڕی.
هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا بکات.
هاوکات سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە گرنگی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی سوریا کرد لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی سوریا لە ژینگەیەکی ئاشتی و ئارامیدا.
هەردوو سەرۆك جەختیان لەسەر پێویستی راگرتنی دەستدرێژییه بەردەوامەکانی سەر غەززه کردەوە، هەروەك پێویستی گەیشتنی کۆمەکیان به گەلی فەڵەستین دوپاتکردەوەو رایانگەیاند، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی لەئەستۆبگرێت.
