سەرۆك کۆمار پێشوازی لە باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە ئێلینا رۆمانسکی باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە عێراق.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە؛-لەمیانەی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 24-3-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە بەردەوامیدان بە بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و رێز لە سەروەریی نیشتمانی بگرێت و کار بۆ پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا، بکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کە عێراق سورە لەسەر بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بونیادنانی هاوبەشیی نایاب، کە بەشداری بکات لە بەدیهێنانی پەرەپێدانی گشتگیر و گەشەی ئابوری. جەختی لە بایەخی سودوەرگرتن لە شارەزایی و ئەزمونەکانیش کردەوە بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی و باشترکردنی توانای کەرتەکانی ئابوری و بازرگانی و کشتوکاڵ و ژینگە و وزە.
هەروەك سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکایەتی کۆمار ئازادکردنی ئەو بەندکراوانەی لەئەستۆگرتوە، کە ماوەی سزاکانیان تەواوبووە، لەم چوارچێوەیەشدا لیژنەیەک پێکهێنراوە و سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لەخۆدەگرێت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانی سزادراوان و وادەی کۆتاییهاتنی سزاکانیان، تا لە کات و ساتی دیاریکراودا ئازادبکرێن.
هاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستور و یاسا و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان. ئاماژەی بە خواستی هەردوولاش کرد بۆ بەردەوامبون لەسەر دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکە.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریکا خواستی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و باشترکردنی هاریکاری لەپێناو خزمەتکردنی هەردوو گەلی دۆست.
هەر لە دیدارەکەدا تیشکخرایەسەر دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و جەختکرایەوە لەسەر پشتگیریکردنی دەرفەتی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا.
