سەرۆك کۆمار پێویستی پاڵپشتیکردنی بەرنامەی کاری حکومەتی دوپاتدەکاتەوە
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە شێخ جەمال زاری ئەمینداری گشتی پڕۆژەی نیشتمانیی عێراقی.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 29-4-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، باس لە پێشهاتەکانی بارودۆخی وڵات کرا و سەرۆك کۆمار پێویستی رێکخستنی هەوڵەکان و کاری هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پاڵپشتیکردنی بەرنامەی کاری حکومەتی دوپاتکردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی دیموکراسی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و زامنکردنی مافەکانیان لە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەنددا.
لای خۆیەوە شێخ زاری ستایشی هەوڵەکانی سەرۆك کۆماری کرد لە بەدیهێنانی بەرژەوەندی باڵای عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و پتەوکردنی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و ئابوری، هاوکات داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی نێوان هێزە سیاسییەکانی کرد بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
