سەرۆك کۆمار: گرتنەبەری دیالۆگی جددی و بنیاتنەر لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق وتورکیا
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە عەلی رەزا گونای باڵیۆزی تورکیا لە عیراق، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی، سەردانی کردبوو.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 29-5-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار خواستی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چڕکردنەوەی هاریکارییەکان لە بواری کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی سنورەکان بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەلی عێراق و تورکیا بکات، هەروەها ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە پێویستی گرتنەبەری دیالۆگی جددی و بنیاتنەر کرد لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها باسی لە گرنگی هاوئاهەنگی و هاریکاری لە بواری ئاو و دەستەبەرکردنی پشکی عێراق و سودمەندبون لە شارەزایی و ئەزمونی تورکیا لە دروستکردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو، کرد.
سەرۆك کۆمار هیوای خواست باڵیۆز لە ئەرکەکانی داهاتویدا سەرکەوتوبێت و ستایشی هەوڵەکانیشی کرد لە ماوەی کارکردنی لە عێراق و ئەو کارانەی ئەنجامی داوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزی تورکیا جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاریکاری دوو قۆڵی لە بوارەکانی جێ بایەخی هاوبەش، کە بە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق گەیشتە ئاستێکی باڵا، هەروەها پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆك د.لەتیف جەمال رەشید دەربڕی لە چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
