سەرۆككۆماری عێراق یاساکانی لێبوردەی گشتی و گێڕانەوەی موڵک و یاسای باری كەسێتی پەسەند کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی 2ی 2025، عەبدوللەتیف جەمال رەشید، سەرۆككۆماری عێراق یاساکانی لێبوردەی گشتی و گێڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکان، هەروەها یاسای باری كەسێتی پەسەند کرد.
ڕۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2024، دەنگدان لەسەر سێ یاسا لە پەرلەمانی عێراق درا، هەمواری یاسای باری کەسێتی کە دەنگی زۆرینەی لەسەر درا و یاساکە هەموارکرا، ئەو یاسایەی کە پەرلەمانتار و لایەنە شیعەکان داوایان کردبوو کە ڕێگە بە مارەکردنی کچی تەمەن 9 ساڵان دەدات و یاسای ساڵی تەمەنی هاوسەرگیری کچ لە 18 ساڵیەوە بووە 9 ساڵان، ئەمەش دوای هەموارکردنی.
پڕۆژەیاسای دووەم کە دەنگی لەسەر درا، گەڕانەوەی مافی خانوو و زەوی ماف زەوتکراەکانی پارێزگای کەرکووک، کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس ئەم موڵکانە لە خاوەنە ڕەسەنەکانیان وەرگیرابوو، ئەم پرۆژە یاسایەی کە فراکسیۆنە کوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق داوایان کردبوو.
پڕۆژەیاسای سێیەم، دەنگدان لەسەر یاسای لێبوردەیی گشتی کە لایەنە سوننیەکان داوای جێبەجێکردنیان دەکرد، بەمەبەستی لێبوردەیی گشتی بۆ زیندانیانی عێراق، ئەو یاسایەی کە مشتومڕی جیاوازی لێکەوتەوە و زۆرێک لە چالاکوان و گرووپ و لایەنەکان بە (گەڕانەوەی تیرۆر) ناویان بردووە.
كلمات مفتاحية
- عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید
- عێراق
- یاسای لێبوردەیی گشتی
- یاسای گەڕانەوەی موڵک
- پەرلەمانی عێراق
- یاسای باری کەسی
