سەرۆكی یەکێتیی: نەورۆز ببێتە مایەی تەبایی و پێكەوەژیان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی نوێی كوردییەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: "نەورۆز ببێتە مایەی قووڵبوونەوەی تەبایی و پێكەوەژیان لە كوردستان"، هاوكات جەختیشی لەیەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكان كردەوە تاوەكو هەموومان پێكەوە خزمەتی زیاتری خەڵك بكەن.
دەقی پەیامەكە:
جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردیتان پیرۆزبێت و هیوای دڵخۆشی و كامەرانیتان بۆ دەخوازم
نەورۆزی ئەمساڵ كە هاوكاتە لەگەڵ مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، هیوادارم ببێتە مایەی قووڵبوونەوەی تەبایی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان، لەم بۆنە نەتەوەیی و ئاینییە پیرۆزەدا جەخت لە یەكڕیزی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەینەوە تاوەكو هەموومان پێكەوە خزمەتی زیاتری خەڵكەكەمان بكەین و كوردستانمان ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بكەین.
نەورۆزی كوردان پیرۆزبێت و شاد و سەرفرازبن
