سەرۆک وەزیران جەخت لە ئامادەیی عێراق دەکاتەوە بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسی تۆڕی عەرەبی بۆ دامەزراوە نیشتمانییەکانی مافەکانی مرۆڤ
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە ئەمینداری گشتی تۆڕی عەرەبی دامەزراوە نیشتمانییەکانی مافەکانی مرۆڤ بەڕێز سوڵتان بن حەسەن ئەلجەمالی و شاندەکەی یاوەری.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە
لە دیدارەکەدا تاوتوێی دۆسیەکانی مافەکانی مرۆڤ و کاری ڕێکخراوە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی ئەم بوارە کرا لەگەڵ خستنەڕووی ئەو پەرەسەندنە کە لە ژینگەی یاسایی و دەستووری عێراقدا ڕوودەدات لە دەستەبەرکردنی مافەکانی تاک و گروپەکان و مافە مەدەنییە گشتییەکان.
لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە ئامادەیی و پێشوازی کردنی عێراقی کردەوە بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی داهاتووی تۆڕی عەرەبی لە بەغدای پایتەخت، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی گشتی بۆ کاری دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەنجامدانی کۆنفرانس و وۆرکشۆپی پەرەپێدان بۆ پشتگیریکردنی لە چالاکییەکانیان.
هەر لە دیدارەکەدا، ڕووداوەکانی ئێستای کەرتی غەزە و بەردەوامبوونی هێرشەکانی دژ بە گەلی فەڵەستین و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کە پێشێلی هەموو پێوەرە ئەخلاقییە نێودەوڵەتییەکانی کردووە خرایەڕوو، لەگەڵ ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ماف و یاساکان لە ڕاگرتنی ئەم تاوانە ڕێکخراوانەدا.
