سەرۆک وەزیران دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی شەقامی ڕەشید ڕادەگەیەنێت
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە پابەندبوونی حکومەت دەکاتەوە بۆ زیندووکردنەوەی میرات و لایەنە مێژووییەکانی زۆرێک لە شوێنەوارەکانی بەغداد و پارێزگاکان،هاوکات دەستپێکردنی کارەکانی قۆناغی دووەمی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی شەقامی ڕەشید ڕاگەیاند.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای نۆژەنکردنەوەی، بەشی یەکەمی شەقامی ڕەشید لە بەغدادی پایتەخت کردەوە، ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بەغدادی کۆن کە لەلایەن ئەمیندارییەتی بەغداد و کۆمەڵەی بانکە ئەهلیەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت.
وتیشی لە میانی مەراسیمی کردنەوەکەدا، سودانی دەستپێکردنی کارەکانی قۆناغی دووەمی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی شەقامی ڕەشید کە لە گۆڕەپانی ڕسافی"ـیەوە تا سەرەتای شەقامی ئەبو نواس درێژ دەبێتەوە ڕاگەیاند و ستایشی هەوڵەکانی دەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و لایەنە پاڵپشتەکان و پاڵپشتی بەرچاوی بانکی ناوەندی کرد، کە بەشداربوو لە تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنی شەقامی ڕەشید، کە پەیوەستە بە مێژووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی عێراق و بەغدادەوە و جەختی لەوە کردەوە کە شەقامەکە چوار دەیە بەدەست پشتگوێخستنەوە دەناڵێنێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر عێراقییەکان بەجێهێشتووە.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکرد ئەو کارانەی کە ئەنجام دەدرێن لە جوانکردنی ڕووکاری بیناکان تێدەپەڕێت، کە نوێنەرایەتی کارە تەلارسازییە نایابەکانی بینا مێژووییەکان دەکات، هەروەها کارەکانی ژێرخانی تەواو بووە، لەوانە تۆڕەکانی ئاوەڕۆ، کارەبا و پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت و سیستەمی بەرگری شارستانی و هێڵێکی (تراموای) میراتی دامەزراوە بۆ ئاسانکاری جووڵە و گواستنەوە، جگە لە ناوەندی شارەوانی و بنکەی پۆلیسیش بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بە ناوچەی مێژوویی بەغداد و جەختی لە گرنگی بەردەوامیدان بە کاری چاککردنەوە بۆ پاراستنی شەقامەکە کردەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پابەندبوونی حکومەت کردەوە بۆ زیندووکردنەوەی میرات و لایەنە مێژووییەکانی زۆرێک لە شوێنەوارەکانی بەغداد و پارێزگاکان، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەرکەکەیدا بۆ ئامادەکردنی شوێنە مێژوویی و میراتییەکان و ناساندنیان بە جیهان و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەندازیاران و تەکنیککارانی گەنج ئەزموونیان لە بواری چاککردنەوەی شوێنە میراتییەکان بەدەستهێناوە، ئەمەش وامان لێدەکات بەردەوام بین لە باشترکردنی زۆرێکیان.
بەشی یەکەمی شەقامی ڕەشید لە گۆڕەپانی مەیدانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ گۆڕەپانی ڕسافی و کاری نۆژەنکردنەوەی ڕووبەری بیناکانی بەخۆوە بینی، ئەمەش لەگەڵ ناسنامەی مێژووی شەقامەکە دەگونجێت.
