سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی پشتیوانی کەرتی پیشەسازی دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بە تاوتوێکردنی پشتیوانی کردنی کەرتی پیشەسازی لەعیراق و تێیدا چەند تەوەرێکی پەیوەست بەم کەرتە گرنگە خرایەڕوو، بەمەبەستی دەستپێکردنی پاکێجی دووەمی بڕیاری پاڵپشتی کردن بەشێوەیەک لەگەڵ ئەولەویەتەکانی پشتیوانی پیشەسازی نیشتمانی لە بەرنامەی حکومەت و ئامانجەکانی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی کار لەکەرتی تایبەتدا بگونجێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە
لەکۆبوونەوەکەدا گرنگترین کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم کەرتە تاوتوێکرا لەوانە پاکێجی یەکەمی پاڵپشتی پیشەسازی و میکانیزمی قەرزدان بەو پڕۆژە پیشەسازیانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراوە، هەروەها بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە کە پەیوەستە بەخاوەندارێتی و قەرزدان و دروستکردنی شارە پیشەسازییەکان و هەناردەکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان.
لە چوارچێوەی ئەو پاڵپشتییەی کە حکومەت پێشکەشی پیشەسازی نیشتمانی دەکات و لە میانەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ڕسوماتە کرا کە لەلایەن وەزارەتەکانەوە بەسەر پیشەسازییەکاندا سەپێنراوە لەگەڵ دەرماڵەی کرێ لە شارە پیشەسازییەکان، ئەمە جگە تاوتوێکردنی پرسی کەمترین ئاستی پێویست بۆ پیشەگرانی وردبینیکاران.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی پەیوەندیداری ڕاسپارد پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی پیشەسازی، هەروەها ژمارەیەک بڕیار درا بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و لەکاتی خۆیدا بۆ ئەو بەربەستانەی کە ڕێگرن لەپرۆسەی پاڵپشتیکردن.
