سەرۆک وەزیران فەرمانی نوێکردنەوەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ وزە دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر پلانەکانی وەزارەتی کارەبا و دۆسیەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ وزە بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیرانی کارەبا و نەوت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە
سەرۆک وەزیران فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی پسپۆڕی کرد لە وەزارەتەکانی پلاندانان و کارەبا و نەوت و دارایی و دەستەی ڕاوێژکاران بۆ نوێکردنەوەی بەپەلەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ وزەی یەکخراو لەسەر بنەمای پێداچوونەوە بە دۆسیەی وزە و ئەوەی عێراق پێویستی پێیەتی لەسەر ئاستی وزەی بەرهەمهێنراو و وزەی سووتەمەنی، هاوکات بۆ ئەوەی دڵنیابن لە بەردەوامی دارایی کردنی پڕۆژەکانی وزە بۆ ڕێگریکردن لە دواخستن یان ڕاگرتنیان.
سەرۆک وەزیران جەختی لە پێویستی ڕەچاوکردنی نوێکردنەوەی ستراتیژی یەکخستنی پڕۆژەکانی وزە لەگەڵ یەکتردا کردەوە بەجۆرێک کە سەرچاوەی دەستەبەرکردنی غاز دابین بکات بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبای غاز دوای تەواوبوونی، هەروەها بۆری گواستنەوەی غاز بەردەست بێت لەکاتی تەواوبوونی بەرهەمهێناندا لە کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەکانی کارەباییش بەردەستن بۆ ئەوەی سوودی لێی وەربگرن.
سودانی جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی لەبەرچاوگرتنی ئەو ستراتیژییەی کە دەبێت دەوڵەت بیگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییەکانی دۆسیەی وزە لەسەر بودجەی دەوڵەت و بەڕێزیان داوای لە تیمی پەیوەندیدار کرد ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بکات بۆ نوێکردنەوەی ستراتیژییەکە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕاوێژکاری وەزارەتی پلاندانان کۆمپانیای KBR و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی یەکلاکردنەوەی ئەو بۆرییانە کرا، کە غازی بەرهەمهێنراوی وێستگەکانی غاز دەگوازنەوە، بەتایبەتی لە ماوەی شەش مانگدا غاز لە ڕۆژئاوای قورنا بەرهەم دەهێنرێت و پێویستی بە کارکردن هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەو بۆرییەی گواستنەوە بۆ تۆڕی گواستنەوەی غازی نیشتمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی کۆکردنەوەی پاری کارەبا و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە کرا کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا لەو بارەوە دەرچوون.
هەروەها ژمارەیەک بریکار و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت و دارایی و پلاندانان و ژمارەیەک ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
