سەرۆک وەزیران پێشوازی لە داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کەریم ئەحمەد خان و شاندەکەی یاوەری.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە"لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی میکانیزمەکانی هەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرا بۆ لێپێچینەوە لە ئەندامانی چەتە تیرۆریستییەکانی داعش کە تاوانیان لە عێراق ئەنجامداوە، وە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ ئەو هەزاران قوربانییەی کە لەسەر دەستی تیرۆر گیانیان لەدەستداوە".
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستی پشتیوانیکردنی عێراق لە دادگاییکردن و لێپرسینەوە لە ئەو توخمە تیرۆریستییانەی کە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی عێراقییەکان و کۆمەڵکوژی دڕندانەیان لە دژی هاوڵاتیانی سڤیل ئەنجامداوە، ئاماژەشی بەوەدا کە عێراق لەبری جیهان شەڕی تیرۆری کردووە و توانیویەتی شکستی پێ بهێنێت و قوربانی زۆری لەو پێناوەدا داوە.
سودانی داوای لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد هاوکار و پاڵپشتی عێراق بێت لە دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە پاڵپشتی دەکەن لە تیرۆر لە عێراق، جا چی دەوڵەت بن یان دامەزراوە، بۆ ئەوەی لە دادگاکانی عێراق دادگایی بکرێن.
لە لای خۆیەوە، ئەحمەد خان جەختی کردەوە لەسەر پەرۆشی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە سەر بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن لە عێراق، هەروەها بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراقییەکان لە ڕێگەی یەکگرتوویی و پێکەوەژیان و سووربوون لەسەر پاککردنەوەی خاکەکەیان داعشیان تێکشکاند.
