سەرۆک وەزیران پێشوازی لە شاندێکی سەندیکای مامۆستایانی عێراق دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی کرد لە شاندێکی سەندیکای مامۆستایانی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکی سەندیکای مامۆستایان بەڕێز عودەی عیساوی.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:-لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنیان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا.
ئاماژەی بەوەکرد سودانی ستایشی ڕۆڵی کارمەندانی پەروەردەو هەوڵەکانیانی کرد لە پرۆسەی پەروەردەدا و جەختی لە پشتیوانی تەواوی خۆی کردەوە بۆ هەموو داواکاری و بەرنامە و دەستپێشخەرییەکان کە دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی پەروەردەیی لە پارێزگا جیاوەزەکان، جگە لە پێشکەشکردنی هەموو ئەو شتانەی کە دۆخی ژیانی کارمەندانی پەروەردە باشتر دەکات بەتایبەتی ئەو شتانەی کە پەیوەستە بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاوەوە.
سودانی باسی لە گرنگی سەندیکا کرد لە پەرەپێدانی کەرتەکانی پەروەردە و بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری دەستپێشخەری کارمەندانی سەندیکاکە بۆ پشتگیریکردنی بنیاتنانی دەوڵەت، چونکە نوێنەرایەتی توێژێکی گەورە و گرنگ دەکەن لە بنیاتنانی کۆمەڵگادا.
لە لای خۆیانەوە، شاندەکەی سەندیکا سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی بۆ پشتیوانی بەردەوامی بۆ پرۆسەی پەروەردە و کارلێکی ئەرێنی لەگەڵ ئەو داواکاریی و دەستپێشخەرییانەی کە دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی توێژی مامۆستایان.
