سەرۆک ڕەشید بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی : عێراق پەرۆشە بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەرد
ئەمڕۆ دوشەممە، سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک چاودێرانی نێودەوڵەتی تایبەت بەچاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا ، کە بە موتەڵع گەیشتووە ،تیایدا هاتووە : "ئەمڕۆ دوشەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک چاودێرانی نێودەوڵەتی تایبەت بەچاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، بەسەرۆکایەتی، خاتوو تامالا لۆنگبێرگەر ، کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک کەسایەتی دیار و پسپۆرانی نوێنەرایەتی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرسانی پەیوەندیدار بەکاروباری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها شارەزایانی سیاسی و یاسایی و هەڵبژاردن و نوێنەرانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی تایبەتمەند بەپشتگیریکردنی پرۆسەکانی هەڵبژاردن وگەشەپێدانی دیموکراسی".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،لە میانی دیدارەکەدا "باسیان لەڕێگاکانی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان ئۆرگان و دامەزراوە عێراقییەکان و هاوتا نێودەوڵەتییەکانیان کرد کە پەیوەندییان بە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەوە هەیە، لەگەڵ چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی پراکتیزەکردنی دیموکراسیەت و بەرەوپێشبردنی کلتووری بەشداریکردن و دەستەبەرکردنی بەرزترین ستانداردەکانی بێگەردی و شەفافیەت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا".
ئاماژەی بەوەشکرد ،سەرۆک کۆمار "پابەندبوونی عێراقی بەدابینکردنی هەموو پێداویستییە پێویستەکان بۆ گەرەنتیکردنی بێگەردی و شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپاتکردەوە، بۆ ئەوەی چاودێرانی نێودەوڵەتی بتوانن بەئازادی و سەربەخۆ ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، هاوکات ڕۆڵی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لەپاڵپشتیکردنی پرۆسەی دیموکراسی وبەهێزکردنی متمانە بە هەڵبژاردنەکانی بەرز نرخاند و بەپەرەپێدانی متمانەی نیشتمانیی ناوبرد، کەڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلە".
ئاماژەی بەوەشکرد ، سەرۆک کۆمار ڕوونیکردەوە، "ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەی عێراق ئەمڕۆ پێوەی بەهرەمەندە، بەرهەمی هەوڵە نیشتمانییە هاوئاهەنگەکان و ئیرادەی جەماوەرییە، هەروەها نوێنەرایەتی و دەستپێکی بنەڕەتییە بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەمەلایەنە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم سەقامگیرییە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبووە، یارمەتیدەر بووە لەدروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ پێشخستنی کەرتی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، هاوکات بەشداری کردووە لەچەسپاندنی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی عێراق و ڕۆڵی کارای عێراق لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا هەبووە، هەروەها ئاسۆی فراوانی بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبوارەکانی گەشەپێدان و چاکسازی دامەزراوەیی کردۆتەوە".
لەلای خۆیانەوە ئەندامانی شاندەکە، "سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و پەرۆشیان بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانیان وهاوکات پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ کارکردن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن، بە شێوەیەک کە هاوکاربێت لە سەرکەوتنی ئەم بۆنە گرنگە نیشتمانییە".
