سەرۆک ڕەشید جەخت لەسەر پێویستی وەستاندنی شەڕ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید جەختی لەسەر پێویستی وەستاندنی شەڕ لە ناوچەکە و کارکردن بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە بەشێوەیەک کە ئاشتی هەرێمایەتی و جیهان بپارێزرێت.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە باڵیۆزی میسر لە عێراق ئەحمەد سەمیر.
وتیشی لە دیدارێکدا تەئکیدیان کردەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەنێوان هەردوو وڵات و گەلانی برادا و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابووری و ژینگەیی، بەمەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
هەروەها لەدیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ڕەوشی ئەمنی ناوچەکە لەدوای گرژییەکان و شەڕەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە تاوتوێکرایەوە و تێیدا سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەپێویستی یەکخستنی دیدگا و هەڵوێستە نێودەوڵەتیەکان کردەوە و کارکردن بۆ وەستاندنی ئەو شەڕەی بە پێویست زانی کە هەڕەشە لەئاسایش و سەقامگیریی گەلان دەکات.
لای خۆیەوە باڵیۆزی میسر سوپاسی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پشتیوانی هەمیشەیی میسری بۆ هەوڵەکانی عێراق بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە.
