سەرۆک کۆمار ئەو دەستدرێژییەی ئیدانەکرد کە کرایە سەر قەتەری براو و هاوسۆزی عێراقی بۆ دووپاتکردنەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید بە تەلەفۆن لەگەڵ شێخ تەمیم کوڕی حەمەد کوڕی خەلیفە ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە قسەیکرد.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە لەو پەێوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک کۆمار سەرەڕای ئیدانەکردنی توندی دەستدرێژیی ئیسرایل بۆ سەر دەوڵەتی قەتەر و هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی ڕەتکردەوە ، هاوسۆزی عێراقیشی لەگەڵ برایانی قەتەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستدرێژییە دووپات کردەوە.
سەرۆک کۆمار رایگەیاند دەستدرێژی بۆ سەر دەوڵەتی قەتەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پێودانگە نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. سەرۆک کۆمار جەختیکردەوو لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتە ئەستۆ بۆ کۆتاییهێنان بەم تاوانانە کە سەقامگیری و ئاشتی تێکدەدەن.
هاوکات سەرۆک کۆمار پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان خواست.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفونیەدا باس لە پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات کرا، هەروەها گرنگی بەهێزکردنی هاریکاری هاوبەش بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گەلی عێراق و قەتەر دوپاتکرایەوە.
هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی هەماهەنگی لە سەر بەرژەوەندی هاوبەشی هەردولا.
لای خۆیەوە میری قەتەر پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و پاڵپشتییەکانی عێراق نیشاندا کە ڕەنگدانەوەی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات و پابەندبوونیانە بە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا .
