سەرۆک کۆمار بەشداری لە پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد
سەرۆک کۆماری عێراق، عەبدول لەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە بەشداری لە پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و جەختیکردەوە لە درێژەدان بە ڕێبازی جەلال تاڵەبانی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی حەکیمانەی کە وەک پاشخانێکی سیاسی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ هێنانەدی ئامانجەکان و خزمەتکردنی گەل.
سەرۆک کۆمار لە میانی وتارەکەیدا، دوپاتیکردەوە کە پێویستە کۆنگرە گرنگی بدات بە پتەوکردنی سەروەری یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرجەستەکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵانی خەڵک و مافەکانی مرۆڤیش لە کوردستان و عێراق.
لە دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆماری عێراق هاتووە، “لە کاتێکدا ئەم کۆنگرەیە ئەبەستین، کە شەش ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کۆچی دوایی جەنابی مام جەلال، ڕابەر و سەرکردە و شکۆی نەتەوەیەک، لە دەستدانی سەرۆک مام جەلال نەک تەنها بۆ یەکێتی، بەڵکو بۆ تەواوی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و گەلی کورد و عێراق و ناوچەکە کارەساتێک بوو کە هەرگیز جێگەی پرنابێتەوە”، وتیشی: ئێمە پێویستە لەسەر هەمان ڕێبازی جەنابی مام جەلال درێژە پێدەری سیاسەتی حەکیمانەی ئەو بین و هەڤاڵان کاربکەن بۆ قۆناغێکی نوێ، شێوەیەکی شەفاف و دیموکراسیانە هەڵبژێرین، جەختی کردەوە، کە بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی مام جەلال کۆنگرە دەبێ لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تری کوردستان لە هەرێم بە ئاڕاستەیەکدا ببات کە سەرەنجام بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بگەڕێتەوە، دوژمنایەتی کردنی یەکتری، نەبوونی یەک ڕیزی، مەترسیێکی گەورەیە لەسەر گەلی کورد، لە بەرامبەردا تەبایمان لەناوخۆ، تەبایمان لە هەرێمی کوردستان کلیلی سەرکەوتنمانە لە کوردستان و لە حکومەتی فیدراڵی و لە ناوچەکە و لە دەرەوەشدا، هەروەها دەبێ ئەم کۆنگرەیە جەخت بکاتەوە لە سەروەری یاسا، لە بەرەنگاریی گەندەڵی و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵک و پاراستنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا،
ئەرکی کۆنگرەیە کە بڕیاری بە پلەی یەکەم ڕاسپاردن بە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە بکات، بە گرنگی دان بە ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەریی و دیموکراتییەکان و سەندیکاکان، بۆ خزمەتکردن لە بەشە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک، بە زامنکردنی ژیانی مووچەخۆران و فەرمانبەران.
سەرۆک کۆمار وتیشی: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە 48 ساڵ تەمەنی پڕ تێکۆشانی خۆیدا، خۆشی و ناخۆشی زۆری دی و هەمو کاتێکی توانی خۆشی بپارێزێت و بەرژەوەندی گەلی کورد بکاتە ئامانجی سەرەکی، بۆیە پێویستە یەکڕیزیمان بپارێزین بۆ نەهێشتنی ململانێی نابەجێ و بەرژەوەندی گەلی کورد لەبەرچاو بگرین و هەنگاوەکانیش بۆ پارێزگاری کردن بێت لە ئاسایشی نەتەوەیی کورد.
