سەرۆک کۆمار جەخت لە گرنگی پارێزگای کەرکوک وەک مۆدێلی فرەرەنگی و پێکەوەژیان دەکاتەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید ڕۆژی شەممە 11-10 2025 لە بەغدا پێشوازیکرد لە ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە، لە میانی دیدارەکەدا باس لە دۆخی گشتی خزمەتگوزاری و کارگێڕی و ئەمنی پارێزگاکە کرا و هاوکات چۆنیەتی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی گەشەپێدان دوپاتکرایەوە بۆ ئەوەی ببێتە مایەی باشترکردنی ئاستی ژیانی دانیشتوانی پارێزگاکە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پارێزگای کەرکوک وەک مۆدێلی فرەرەنگی و پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا و تەئکیدی کردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بە گیانی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و لە ڕێگەی هەماهەنگی و یەکخستنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی خۆجێی لە کەرکوک بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ژێرخانەکەی و فراوانکردنی پڕۆژە گرنگەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دەبێت.
سەرۆک کۆمار داوایکرد وەبەرهێنان لە سەرچاوەکان و توانا ناوخۆییەکان بکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدان و دڵنیابوون لە بەڕێوەبردنی بەشێوەیەکی کارا و شەفاف کە ئەمەش دەبێتە هۆی متمانەی زیاتر لە نێوان هاوڵاتیان و دەزگاکانی حکومەت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە پارێزگادا.
لای خۆیەوە پارێزگاری کەرکوک پابەندبوونی ئیدارەی پارێزگای دووپاتکردەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدان و پاڵپشتی بەڕێزیان بۆ ئەو هەوڵانە و ڕێنماییەکانی بۆ پەلەکردن جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە بەرزنرخاند.
