سەرۆک کۆمار: شانازی بەبوونی هەردوو پێکهاتەی ئێزدی و ئەرمەنی دەکەین لە عیراقدا
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید، سەردانی پەرستگای مەلەکە تاووس و حەوت فریشتەکەی کرد، کە دەکەونە گوندی ئەکنالیچی نزیک یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا.
لە سەردانەکەیدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 22-11-2023 ئەنجامیدا، سەرۆک کۆمار گەشتێکی بە راڕەوەکانی پەرستگاکەدا کرد و گوێبیستی رونکردنەوەیەکی وردی بەشەکانی بوو.
لەو سەردانەدا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە قوڵایی مێژوویی و شارستانی و کلتووری و ئایینی ئەرمەنی کرد، کە یەکێکە لە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی گەلی عیراقمان و خاڵی دەستپێکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ڕاستەقینەیە لەنێو عیراقییەکاندا بە ئایینە جیاوازەکانەوە.
بەڕێزیان دوپاتیکردەوە، ئەم پێگە شارستانییەتییە گرنگە لە یەریڤانی پایتەخت و پەرستگاکانی ئێزیدییەکان لە لالش یەک درێژکراوە و نیشانەی دیکەی قووڵی پەیوەندییە کلتووری و مێژووییەکانی نێوان عیراق و ئەرمینیایە و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی ئەم هەمەجۆرییە.
هاوکات بەڕێزیان ئەو کۆمەڵکوژییەی بەبیرهێنایەوە کە ئێزیدییەکان دوچاری هاتن و ئاماژەی بەوە کرد ئەوە درێژکراوەی ئەو جینۆسایدەیە، کە لە ساڵی 1915 لە دژی ئەرمەنییەکان ڕوویدا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە جینۆسایدانە لەداهاتوودا.
سەرۆک کۆمار شانازی خۆی بە بوونی پێکهاتەکانی ئێزدی و ئەرمەنییەکان لە عیراقدا دەربڕی، بەوپێیەی بەشێکن لە مێژوو و شارستانیەتی وڵات و ئاماژەی بە هەمەجۆری و مۆزایکی عیراقی کرد، کە گیانی برایەتی و هاوڵاتیبون لە نێوان هەموواندا بەهێزتر دەکات
