سەرۆک کۆمار: عێراق بەجددی کاردەکات بۆ پەرەپێدانی بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییه بانکییەکان و پاراستنی دراوی نیشتیمانی لەڕووی تەکنیکی و ئەمنییەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە هێرمان شتێرسینگەر سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای تراست نۆت و وەفدی یاوەری، کە تایبەتمەندە لە بواری پرۆگرامە ئەلیکترۆنییەکانی سیستمی دارایی و بانکی و چاپکردنی دراو.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاند:-لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 6-2-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی باشترکردنی هاریکاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و شارەزایی نێوان کۆمپانیا و بانکی ناوەندیی عێراق و بانکەکانی وڵات کردەوە بەشێوەیەک، کە یارمەتیدەربێت لە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی کارەکانی بانکەکان و کەرتی دارایی.
هەروەها ڕەشید رایگەیاند، عێراق هەوڵی جددی دەدات بۆ پەرەپێدانی چاپکردنی دراوی نیشتمانی و بەپەرۆشین بۆئەوەی بەباشترین کوالێتی تەکنیکی و ئەمنی بێت، هاوکات هەوڵی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان دەدات بۆئەوەی لەم بوارەدا لەئاست پێشکەوتنەکانی جیهاندا بێت.
لەلای خۆیەوە شتێرسینگەر خواستی کۆمپانیاکەی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق لە بواری ئەلیکترۆنی و دانانی پرۆگرامە پێشکەوتووەکان بۆ بانکەکە و نوێکردنەوەی کەرتی بانکی لە عێراقدا.
