سەرۆک کۆمار مەرسومی سەرۆکایەتی ڕادەستی پارێزگاری نوێی ئەنبار دەکات
د.عەبدلـلەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار لە بەغداد -کۆشکی سەلام، پێشوازیکرد لەپارێزگاری نوێی ئەنبار ، عومەر مەشعان دەبوس .
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار مەرسومی کۆماری تایبەت بە دەستبەکاربوونی پێشکەش بەپارێزگاری نوێی ئەنبار کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەجێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانی و جەختی لە گرنگی خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان کردەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان لە پارێزگاکە بەشێوەیەک کە لەگەڵ خواستەکانی هاووڵاتیاندا بگونجێت.
هەروەها ،داوای کرد کە ئاوەدانکردنەوە و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکان بکرێتە پێشینەی کارەکان و پشتگیری سەرۆکایەتی کۆماری بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتکردەوە کەئامانجیان بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و باشترکردنی ئاستی بژێوییە لەپارێزگاکە.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری ئەنبار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار بۆ متمانەی بەڕێزیان دەربڕی و پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی دانیشتوانی پارێزگاکە و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی گەشەپێدان و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەشداریکردن لەسەقامگیری پارێزگاکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی.
