سەرۆک کۆمار مەرسوومی تایبەت بە دامەزراندنیان ڕادەستی پارێزگارانی بەغدا و واست دەکات
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە کۆشکی بەغدا، پێشوازیکرد لە بەڕێزان، عەتوان حەسەن سامر ئەلعەتوانی، پارێزگاری بەغدا و هادی مجید گزار پارێزگاری واست .
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە لە دیدارێکدا مەرسوومی کۆماری تایبەت بە دامەزراندنی پارێزگارانی بەغدا و واست ڕادەستی پارێزگارە نوێیەکان کرا و دۆخی ئەمنی و ئابووری و خزمەتگوزاری لە هەردوو پارێزگاکە تاوتوێ کرا.
وتیشی سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی تۆکمەکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
هەروەها سەرەخۆشی خۆی بۆ قوربانیانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی هایپەرمارکێتەکەی واست دووپات کردەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ هەردوو پارێزگار خواست لە خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەیدا.
لەلایەن خۆیانەوە، هەردوو پارێزگار پلانەکانی داهاتوویان و ئەو بەرنامانەی کە بۆ پێشخستنی کەرتی خزمەتگوزاری و تەواوکردنی پڕۆژەکان و بەردەوامیدان بە پڕۆسەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە لە بەغدا و واست ئامادەیان کردووە پێشکەش بە سەرۆک کۆمار کرد.
هەروەها سوپاسی خۆیان بۆ گرنگیپێدانی سەرۆک کۆمار و پەرۆشی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو عێراقییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا دەربڕی.
دیدارەکە بە ئامادەبوونی عەمار ئەلحەمدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، بەڕێوەچوو.
