سەرۆک کۆمار هەڵوێستی پشتیوانی ڕووسیا لەبارەی دۆزی فەلەستین بەرز دەنرخێنێت
سەرۆک کۆمار لەمیانی پێشوازیکردنی لە سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیای فیدڕاڵی هەڵوێستی پشتیوانی ڕووسیا لەبارەی دۆزی فەلەستین بەرز نرخاند
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید پێشوازیکرد لە سێرگی شۆیگو سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ڕووسیای فیدڕاڵ و وەفدی یاوەری.
لە میانەی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 16-9-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕووسیا و چۆنیەتی پەرەپێدانیان بۆ هێنانەدی ویستی هەردوو وڵات بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد و سڵاوی خۆی گەیاندە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ، جەختیشیکردەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەبواری ئەمنی و سەربازی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە بناغەکانی سەقامگیری و ئاسایش لە هەردوو وڵات و ناوچەکەدا دەچەسپێنێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرایل بۆ سەر فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە تاوتوێکرا.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی دەربڕینی هەڵوێستێکی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕاگرتنی هەموو پێشێلکارییەکانی دژی خەڵکی مەدەنی و بێتاوان و دانان بە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی بە گەلی فەلەستین.
سەرۆک کۆمار هەڵوێستی پشتیوانی ڕووسیای لەبارەی دۆزی فەلەستین بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە سێرگی شۆیگو ویستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەلی دۆست بکات.
