سەرۆک کۆمار پێشوازی له جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید ڕۆژی دووشەممە 3 ی شوباتی 2025 لە بەغدا پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە
لەکۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتەکانی وڵات بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەپێویستی گرتنەبەری دیالۆگی کاریگەر و جددی کردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور و یاسا. هەروەها باس لە دەنگدانی ئەنجومونی نوێنەران کرا لە سەر پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوجەی گشتی فیدراڵی و جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی ئەم هەموارکردنە ببێتەی مایەی خەرجکردنی شایستەدارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بە شێوەیەک ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و خواستەکانی هاوولاتیان بەدیبهێنێت و پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکات.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی ستایشی ڕۆڵی سەرۆک کۆماری کرد لە نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەیەک کە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بۆ هەموو خەڵک مسۆگەر بکات.
