سەرۆک کۆمار پێشوازی لە وەفدێکی کریستیانەکانی عیراق دەکات
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە وەفدێکی فراوانی سەرۆکی تائیفەکانی کریستیان لە عیراق و میتیجیا لێسکۆڤار باڵیۆزی ڤاتیکان.
لنوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیانامەیەکدا رایگەیاند:لەسەرەتای دیدارەکەدا، کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە وەفدەکە و هەموو کریستیانەکانی عیراق و جیهان کرد بەبۆنەی جەژنی لەدایکبون و ساڵی نوێوە، هیوای ئارامی و ئاشتی بۆ گشت کریستیانەکان و عیراقییەکانیش خواست.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کریستیانەکان پێکهاتەیەکی سەرەکین لە فرەچەشنی مرۆیی وڵات، کە پەرۆشین بۆ دەستەبەرکردن و زامنکردنی مافەکانیان و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا وەک پێکهاتەکانی دیکەی عیراق. هەروەک ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی پێکهاتەی رەسەنی کریستیانی کرد لە پاڵ براکانیان لە سەرجەم پێکهاتەکان لە عیراقدا.
سەرۆک کۆمار بۆ ئامادەبوانی دوپاتکردەوە، دەرگاکانی سەرۆکایەتی کۆمار لەبەردەم گشت پیاوانی ئایینی بە جیاوازی تائیفەکانیانەوە واڵان بۆ گوێگرتن لە داواکاریی و گرنگیدان بە دابینکردنی پێداویستیەکانیان.
هەروەها سەرۆک کۆمار جارێکی دیکە دڵگرانی خۆی بۆ روداوەکەی حەمدانیە دوپاتکردەوە و هاوسۆزی خۆی بۆ خانەوادەی قوربانییەکان دەربڕی، هاوکات نیگەرانی خۆیشی سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر غەزە دەربڕی، کە دەبێتەمایەی کارەسات و کێشە بۆ هاووڵاتیانی فەڵەستینی.
لەلای خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ میوانداریکردنیان و پیرۆزباییکردن لێیان و لە هەموو کریستیانەکان بەبۆنەی جەژنی لەدایکبونەوە، هەروەها ستایشی هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆمار کرد بۆ پشتگیریکردنی لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم عیراقییەکان.
