سەرۆک کۆمار پێشوازی لەئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە 6-12-2023، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە بەڕێز سەلاحەدین محەمەد بەھادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و وەفدی یاوەری.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار باسی لەبارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەکانی و پێویستی یەکڕیزی هەموو هێزە سیاسییەکان کرد بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و کارکردن بۆ باشترکردنی دۆخی گوزەران و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان و ئاماژەشی بە گرنگی بەردەوامبوونی دیالۆگی نێوان حکومەتی فیدراڵی وهەرێمی کوردستان کرد بۆچارەسەرکردنی کێشە هەڵپە سێردراوەکان و گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی بەپێی دەستوور و یاسا و بە شێوەیەک کە مافی هەموو هاوڵاتیان مسۆگەر بکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
لەلای خۆیەوە، بەڕێز ئەمینداری یەکگرتوو، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ دیداری لەگەڵ بەڕێزیان و جەختی لە گرنگی پەیوەندی و ڕاوێژکردن لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراقدا کردەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دەستەبەرکردنی مافەکانی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی خواستەکانیان.
