سەرۆک کۆمار پێشوازی لەفەرماندەی نێردەی ناتۆ لەعێراق دەکات
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە فەرماندەی نێردەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عێراق، جەنەڕاڵ کریستۆف هێنتزی و شاندی یاوەری کرد.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پەرۆشی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ ناتۆ لەبوارەکانی مەشق و ڕاهێنان و پاڵپشتی ڕاوێژکاری وپەرەپێدانی توانای سەربازی، کەبەشدارە لەپەرەپێدانی دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق.
هەر لەدیدارەکەدا پێشهاتەکانی ناوچەکە و پێویستی بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی تاوتوێ کران، بەرێز سەرۆک کۆمار، ئاماژەی بەوەدا کە عێراق دۆخێکی ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت و سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆ پرۆسەیەکی دیموکراسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو و هەوڵیش دەدەین کە ئەم هەڵبژاردنانە ئازاد و دادپەروەرانە و نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی گەلی عێراق بن.
هەروەها بەڕێزیان، باسی لەبەشداریکردنی لە خولی هەشتاهەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە لەوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر هەڵوێستەکانی عێراق سەبارەت بەپرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و ئاماژەشی بەسازدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەڕانەوەی کەسانی سیڤیل لە کەمپی ئەلهۆل و کەمپەکانی دەوروبەری و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق لە داخستنی ئەم دۆسێی کرد.
لەلای خۆیەوە فەرماندەی نێردەی ناتۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ئامادەیی ناتۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لەپاڵپشتیکردنی عێراق لەڕێگەی بەرنامەکانی مەشق و ڕاوێژکارییەوە و بەهێزکردنی چوارچێوەی هاوبەشی هەنووکەیی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
