سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە شاندێکی سەندیکای ژمێریار و وردبینکارانی عێراقی
سەرۆک کۆمار، د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023 لە کۆشکی بەغدا، پێشوازیکرد لە سەرۆکی یەکێتی ژمێریار و وردبینیکارانی عەرەبی، جەواد غانم شهێلی و شاندی ڕاگرانی پەیمانگاکانی ژمێریاری.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، جەختی لە گرنگی ڕۆڵی ژمێریاران و وردبینیکاران کردەوە لە باشترکردنی دۆخی ئابووری وڵات لە ڕێگەی پەرەپێدان و بەهێزکردنی سیستمی ژمێریاری لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، هەروەها پێویستی دابینکردنی شارەزایی پێویست بۆ فەرمانبەران لە ئەنجامدانی کارەکانیان و ئەو ئەرکانەی کە پێیان سپێردراوە بە شێوەیەک کە شەفافیەتی لێ بێتەدی و ئاستی کارگێڕی بەرز بکاتەوە.
سەرۆک کۆمار باسی گرنگی ڕۆڵی سەندیکای ژمێریاران وردبینیکاران لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەکانی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی بەتاڵان براوی نیشتمانی، جەختیشی لە پێویستی گرتنەبەری شێوازێکی ژمێریاری ورد و زانستی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گرنگی پرۆسەکانی ژمێریاری کردەوە بۆ پاراستنی ئابووری نیشتمانی لە گۆڕانکارییەکان کە هەڕەشە لە ئابوری زۆرێک لە وڵاتان دەکەن.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی سەندیکای ژمێریار و وردبینیکاران خۆشحاڵی خۆی و شاندی یاوەری بۆ دیداریان لەگەڵ سەرۆک کۆمار دەربڕی و ستایشی ڕێنماییە بەپێزەکانی کرد لە باشترکردنی کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت و ئاماژەی بەوەدا کە سەندیکا هەنگاوی گرنگی ناوەو و کاریش دەکات بۆ ڕاهێنانی تواناکانی گەنجان لە بواری ژمێریاری و وردبینی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی.
