سەرۆک کۆمار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی میسر ئەنجامدا
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی دوبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتی لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسری عەرەبی کرد.
نوسینگەی راگویاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:ئەمڕۆ چوارشەممە ، لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دکتۆر لەتیف جەمال رەشید هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک سیسی دەربڕی و ئومێدی خواست گەلی میسری براش لە پێشکەوتن و گەشانەوەی زیاتردا بژین، هەروەک جەختیکردەوە لەسەر ویستی عیراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندی برایانە، کە هەردوو وڵات له بواره جیاجیاکاندا کۆدەکاتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک سیسی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختی لەسەر خواستی کۆماری میسری عەرەبی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و سەلامەتی گەلەکەی.
