سەرۆک کۆمار کارنامەی کاری لە باڵیۆزانی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا و سریلانکا و ئەسیوپیا و غانا وەردەگرێت
سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید کارنامەی کاری لە هەریەک لە باڵیۆزانی نوێ ، سلاڤکۆ ماتانۆڤیچ باڵیۆزی کۆماری بۆسنە و هەرزەگۆڤینا و ئودایا کومارە باڵیۆزی کۆماری سۆشیالیستی دیموکراتی سریلانکا، سەعید محەمەد جوبرەیل باڵیۆزی کۆماری فیدراڵی ئەسیوپیا و محەمەد حەبیب ئیدریس باڵێۆزی کۆماری غانای وەرگرت.
نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزان بەجیا، کە ئەمڕۆ سێشەممە،30-4-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە ئەو سیاسەتەی عێراق پەیرەوی دەکات، بریتیە لە پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاری و پابەندبوون بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بۆ بنیاتنانی هاوبەشی ڕاستەقینە کە گەشەسەندنی هەمەلایەنە بۆ گەلان و وڵاتانمان لەخۆدەگرێت.
سەرۆک کۆمار ستایشی ڕۆڵی گرنگی باڵیۆزانی کرد لە پاڵپشتیکردنی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان وڵاتان و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ هاریکاریی بەرهەمدارتر و بنیاتنەر، هیواشی خواست باڵیۆزانی نوێی سەرکەوتو بن لە جێبەجێکردنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانیان لە عێراق.
لای خۆیانەوە باڵیۆزان سڵاوی سەرۆکی وڵاتەکەیان و هیوای تەندروستی باشیان گەیاندە بەڕێزیان ، هەروەها خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتریش بۆ گەلی عێراق.
لەو بارەوە سەرۆک کۆمار سڵاوی خۆی لە رێگەی باڵیۆزانی نوێ نارد بۆ سەرۆکی وڵاتەکانیان و هیوای لەشساغی و سەرکەوتنیشی بۆ باڵیۆزان خواست.
هاوکات باڵیۆزانی نوێ ویستی وڵاتەکانیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییان لەگەڵ عێراق و پەرەپێدانیان لە بوارەکانی بەرژەوەندی هاوبەش نیشاندا.




