سەرۆکایەتی تورکیا ڕەتی دەکاتەوە کە تەندروستی سەرۆکی تورکیا خراپ بێت
ڕۆژی شەممە سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی زانیاری هەڵەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکایەتی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاویکردەوە و ڕەتی دەکاتەوە کە دۆخی تەندروستی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا خراپ بێت.
ناوەندەکە لە بەیاننامەیەکدا کە لە تویتەر بڵاویکردۆتەوه دەڵێت: "پێتان ڕادەگەیەنین کە ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە تەندروستی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بڵاوبوونەتەوە بەتەواوی ڕاست نین".
لە بەیاننامەکەدا وێنەی تویتێکی ڕۆژنامەنووس "جان ئۆکتای" لەگەڵ بوو کە لە تویتەکدا نووسیویەتی، "پزیشکەکان بڕیاریاندا بە زووترین کات نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەردۆگان ئەنجام بدەن و دوای نەشتەرگەرییەکە بڕیار دەدات کە ئایا بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی یاخود نا".
ماڵپەڕەکانی تویتەر هەواڵی خراپبوونی تەندروستی سەرۆکی تورکیایان بڵاوکردەوە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا لەم بارەیەوە سەرۆکایەتی تورکیا ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان تووشی جەڵتەی دڵ بووبێت.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردۆتەوه و تێیدا هاتووە، "ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بەوەی سەرۆک ئەردۆگان تووشی جەڵتەی دڵ بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە لەگەڵ ڕاستییەکاندا ناگونجێت".
هەر لەم بارەیەوە، جێگری سەرۆکی تورکیا، فوئاد ئۆکتای لە لێدوانەکانی پێشوودا کە لەسەر تەلەفزیۆن بڵاوکرایەوە و وتی، تەندروستی سەرۆک باشە.
