سەرۆکی ئێران دەڵێت ئەوانەی سووکایەتی بە پیرۆزییەکان دەکەن دژی ئازادیین
سەرۆکی ئێران "ئیبراهیم ڕەئیسی" ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، کۆمەڵگەی ئیسلامی قبوڵی سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز ناکات.
بەگوێرەی ئاژانسی "IRNA"، ئەم لێدوانانەی ڕەئیسی لە میانەی وتارەکەیدا هاتووە کە لە کاتی نوێژی هەینیدا لە مزگەوتێکی شاری ڕەفسەنجانی ئێران پێشکەشی کردووە و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوان سووکایەتی بە بەهادارترین کتێبی خودایی دەکەن کە هات بۆ ڕێنماییکردنی مرۆڤایەتی نەک تەنها دوو ملیار موسوڵمان، بەڵکو دڵی شوێنکەوتووانی هەموو ئایینە یەکپەرستی و ئیبراهیمییەکانی بریندار کرد".
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە "سوکایەتیکردن بە قورئان لە ڕاستیدا سوکایەتیکردنە بە هەموو ئایینە یەکخواییەکان و هەموو بەها خوداییەکان و کۆمەڵگەی ئیسلامی ئەم سوکایەتییە قبوڵ ناکات".
ڕەئیسی وتیشی: "قورئان ئازادی لەخۆدەگرێت و فێری ئازادی مرۆڤایەتی دەکات، ئەوانەی ئەم سوکایەتیانە دەکەن و سووکایەتی بە پیرۆزییەکان دەکەن دژی ئازادیین".
