سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەردی بناغەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای بەسرە-فاو دادەنێت
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى ئەمڕۆ شەممە بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ڕێڕەوی دووەمی ڕێگای (بەسرە-فاو) لە پارێزگای بەسرە دانا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سودانی پێداچوونەوەی بە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و ماوەی تەواوبوونی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت دروشمی خزمەتگوزاری بەرزکردۆتەوە بە هۆی پێویستی بەپەلەی هاوڵاتیانەوە لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا و ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێگای (بەسرە -فاو) کۆتایی بە مەینەتییەکانی خەڵکی قەزای فاو دەهێنێت بەهۆی خراپی کوالێتی ئەم ڕێگایەوە.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد کە شاری فاو ئەمڕۆ بووەتە ناوچەیەکی گرنگ بۆ عێراق و پێویستە ژێرخانەکەی باشتر بکرێت، بەتایبەتی ڕێگاوبانەکان و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی پڕۆژەی چاککردنەوەی ڕێگای (بەسرە-فاو) کە لە تەرخانکردنی پارێزگای بەسرەوە جێبەجێ دەکرێت یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان لە ڕووی قەبارەی جوڵەی ئۆتۆمبێلەوە، چی بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان بێت یان کاڵا.
سودانی فەرمانی بە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد کە پابەند بێت بە خشتەی کات و پابەندبوون بە تایبەتمەندییە پێویستەکان بەگوێرەی پلانی ئامادەکراو.
درێژی ڕێگای (بەسرە-فاو) (90) کیلۆمەترە بە ئاراستەی دەرچوون و (65) بە ئاراستەی گەڕانەوە هەروەها کارەکانی چاککردنەوە و جێبەجێکردنی شوێنی پشووی نموونەیی لەخۆدەگرێت لەگەڵ دامەزراندنی دیواری پاراستن و ڕێنمایی هاتووچۆ و ناسندن جگە لە دانانی کێبڵی ڕۆشنایی بە هەموو وردەکارییەکانیەوە بە درێژی (75) کیلۆمەتر و دانانی تۆڕی کارەبا بە هەموو کەلوپەلەکانییەوە بە درێژی (10) کیلۆمەتر.
