سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی دەکات له باڵیۆزی ئەمەریکا له عێراق
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی کرد لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق خاتوو ئەلێنا ڕۆمانۆسکی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەمیانی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا و گفتوگۆیان لەسەر دۆسیەکانی هاریکاری هاوبەش لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد، هەر لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی هاریکاری نێوان بانکی ناوەندی عێراق و گەنجینەی ئەمەریکا کرا، هەروەها گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکرێت لەو کوبوونەوەیەی کەبڕیارە هەفتەی داهاتوو لەلایەن هەردوولاوە ئەنجام بدرێت.
لە دیدارەکەدا باس لە ڕووداوە تراژیدییەکانی غەزە و تاوانەکانی جینۆساید کرا کە هاوڵاتیانی سڤیلی بێتاوان دەکاتە ئامانج لەلایەن دەسەڵاتدارانی داگیرکەرەوە و ئاماژەی بە قەبارەی پێشێلکارییە ترسناکەکانی مافەکانی فەڵەستینییەکان و خراپتربوونی بارودۆخی مرۆیی کرد.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی جێگیر و بنچینەیی عێراقی دووپات کردەوە سەبارەت بە پرسی فەڵەستین و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی ڕاگرتنی ئەو دوژمنکارییانەی کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها کردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت و ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی خۆراک و یارمەتییە پزیشکییەکان بۆ هاوڵاتیانی سڤیل، جگە لە مسۆگەرکردنی مافەکانی فەڵەستینییەکان بۆ ژیانێکی شیاو و سەلامەت.
سودانی ئاماژەی بە پابەندبوونی عێراق کرد بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ پاراستنی ڕاوێژکارانی ئاسایش لە چوارچێوەی نێردەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و جەختی لەوە کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان ئەرکە یاساییەکانیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە خاکی عێراقدا جێبەجێ دەکەن.
