سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە باڵیۆزی ڕوسیا لە عێراق دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی کرد لە باڵیۆزی ڕوسیا لە عێراق ئەلێبروس کۆتراشێڤ.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ڕووداوەکانی ئەم دواییە و ئەو هەوڵانە کرا کە دراون بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان کە زیان بە وڵاتانی ناوچەکە دەگەیەنێت بە عێراقیشەوە و ڕەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر بارودۆخی گشتی بەتایبەتی بارودۆخی ئابووری و دابینکردنی وزە.
هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیین بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی سەر غەزە کە بووە هۆی فراوانبوونی ململانێکان و ڕەنگدانەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
لە لای خۆیەوە، کۆتراشێڤ جەختی لە پشتیوانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و خواستی جددی بۆ وەبەرهێنانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو هاوبەشی ئابووری زیاتر بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی گەلانی هەردوو وڵات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنیەتی پتەوکردنی هەماهەنگییەکان کرا لە بواری وزە و لێکتێگەیشتن لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس، جگە لە بەشداریکردنی کۆمپانیا گەورەکانی ڕوسیا لە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی و پرۆژە جۆراوجۆرەکانی تر.
