سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ شەممە پێشوازی کرد لە سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق حەیدەر فوئاد سائغ و شاندەکەی یاوەری.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران سودانی گوێی لە پێداچوونەوەیەکی ورد گرت سەبارەت بە دۆخی کاری دەرمانسازی لە عێراق و خزمەتگوزارییە دەرمانسازییەکان کە لە کەرتی چاودێری تەندروستیدا پێشکەش دەکرێن و ڕۆڵی سەندیکا لە بەکارهێنانی وزەی زانستی گەنجان لەم بوارەدا و ئەو پلانانەی کە ئامادەکراون بۆ پەرەپێدان.
لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەت بەردەوامە لە و خۆجێیکردنی پیشەسازی دەرمان لە عێراق و چەند ڕێوشوێنێک گیراوەتەبەر لەگەڵ پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ پشتگیریکردنی وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی تایبەت بە پیشەسازی دەرمان، ئەم هەنگاوانە لە ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەتەوە وەرگیراون لە باشترکردنی کەرتی تەندروستی بە گشتی، لەوانەش پیشەسازی دەرمان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو داواکارییانەی کە پێشکەشکراون سەبارەت بە تەرخانکردنی زەوی بۆ دروستکردنی شاری پیشەسازی دەرمانسازی لە عێراق و بۆ خۆجێیکردنی پیشەسازی دەرمان، و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ دەرمانسازان و دروستکردنی بارەگا بۆ نوێنەرایەتی سەندیکای دەرمانسازان لە پارێزگاکان، هەروەها بەدواداچوون بۆ دامەزراندنی بانکێکی تایبەت بۆ وەبەرهێنان و دارایی کردنی پرۆژە دەرمانسازییەکان.
