سەرۆکی میسر و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازی لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندی یاوەری کرد کە ئێستا لە سەردانی قاهیرەی پایتەختی میسر دان
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیسی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر گرنگی هاوبەشی ستراتیژی نێوان میسر و ئەمریکا کردەوە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی فەلەستین کرا و بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا سەبارەت بە چۆنیەتی بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان میسر و ئەمریکا و قەتەر بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستانەکانی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و دەستگیرکراوەکان و ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە چارەسەری دوو دەوڵەت (فەلەستین-ئیسرائیل) هێشتا ڕێگایەکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام.
عەبدولفەتاح سیسی جەختی لەسەر ئەولەویەتی دەستێوەردانی یەکلاکەرەوە کردەوە بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم هاتنە ناوەوەی بڕێکی زۆر یارمەتی بۆ خەڵکی غەززە کە بەدەست کارەساتی ژیان و تەندروستییەوە دەناڵێنن و هەروەها پێویستە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا ڕابگیرێت و سیاسەتی توندوتیژی دژی فەلەستینییەکان بەردەوام نەبن.
