سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بەڵێنی کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران لە بەریتانیا دوای هەڵبژاردنی دەکات
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی کۆچبەران لە بەریتانیا لە ساڵی 2023دا گەیشتە 685 هەزار کەسی تر، ئەمەش دووەم بەرزترین ئاستە دوای ئەوەی ساڵی 2022 نزیکەی 764 هەزار کۆچبەر لەم وڵاتە تۆمارکرا.
سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا، کێر ستارمر بەڵێنی داوە ژمارەی کۆچبەران کەم بکاتەوە، لە کاتێکدا ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن حیزبەکەی لە هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا کە بڕیارە لە (4ـی تەمموزی 2024) بەڕێوەبچێت براوە دەبێت.
ستارمر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی The Sun کە ئەمرۆ یەکشەممە بڵاوکرایەوە وتی: "ژمارەی کۆچبەران کەم دەکەمەوە، لە کاتێکدا پارتی پارێزگاران کە بۆ ماوەی 14 ساڵە فەرمانڕەوایی بەریتانیا دەکەن، ماوەیەکی زۆرە بابەتەکەیان لە ناوەندی مشتومڕی گشتی لە بەریتانیا داناوە".
ستارمر وتیشی: "ئەگەر متمانەم پێبدەن و کلیلەکانی شەقامی داونینگم پێ ببەخشن، ئەوا ئەو بەڵێنەتان دەدەمێ: سنوورەکانمان کۆنترۆڵ دەکەم و دڵنیا دەبمەوە لەوەی کۆمپانیا بەریتانییەکان یارمەتی دەدرێن بۆ ئەوەی هاوڵاتییە بەریتانییەکان بەکاربهێنن بۆ کارکردن و دامەزراندنیان".
بەگوێرەی ڕۆژنامەی The Sun، پارتی کرێکاران پلانی هەیە ئەو کۆمپانیایانە قەدەغەبکات کە یاساکانی کار پێشێل دەکەن لە بەکارهێنانی کرێکاران لە دەرەوەی وڵاتەوە، هەروەها بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو کەرتانەی داوای ڤیزەی کار بۆ بیانییەکان دەکەن ڕاهێنان بە بەریتانییەکان دەکەن بۆ ئەو کارە.
ئەمە یەکەم جارە کە کێر ستارمر پابەند دەبێت بە کەمکردنەوەی کۆچ ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات، پارتیەکەی نزیکەی 20 خاڵ لە پێش پارتی پارێزگارانی سەرۆک وەزیران ڕیشی سوناک دایە.
ستارمر دەشڵێت: "من لە بەرەنگارییەکە خۆم بەدوور ناهێڵم" و ئیدانەی شکستی پارتی پارێزگاران دەکات لە ڕێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا سەرەڕای بەڵێنەکانیان و وتیشی: "دەبێت هەمیشە بژاردەی ئەوەمان هەبێت کە یەکەم جار کرێکارێکی بەریتانی بەکاربهێنین"، لە کاتێکدا ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە مەترسی ئەوەکرد کە ئەو جۆرە بەڵێنانە ببنە هۆی جەنگ لەگەڵ باڵی چەپی حیزبەکەیدا.
